پرۆژەی درێژخایەن

کار و بەرهەمی شاز پێویستی بە کاتێکی زۆرە. نەبەز ئەمەی دەزانی و بۆی گرنگ بوو کە لە ڕێباز و بێخەوشی و وردبینی لە هەر شتێکدا کە دەیگرتە بەر دڵنیا ببێتەوە. دەزگای جەمال نەبەزیش هەر بەم شێوەیە لەگەڵ میراتی زانستیی نەبەزدا دەجووڵێتەوە. ڕوونە کە دامەزراندنی کتێبخانە و ئەرشیفی جەمال نەبەز پرۆژەیەکی درێژخایەنە کە نەتەنیا پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرە، بەڵکوو بۆ ئەم مەبەستە دەبێ کەم تا زۆر کەڵک لە ڕاوێژی پسپۆڕی و شارەزایانەش وەرگرین.

کارکردن لە دوو بەشدا، کتێبخانە و ئەرشیف

میراتی زانستی و بەرهەمەکانی جەمال نەبەزمان لە دوو بەشدا پۆلێن کردوون. یەکەمیان کتێبخانەیە و کارکردن لەو بەشەدا لە بنکەی ڕێکخراوەی Spichernstraße و هەروەها لە ڕێگەی دوورەوە بە کەڵکوەرگرتن لە ئینتەرنێت دەستی پێ کردووە. کارکردن لە بەشی دووەمی پرۆژە درێژخایەنەکەمان واتە ئەرشیف دوا خراوە و هێشتا دەستی پێ نەکردووە. بۆ شوێنی ئەرشیفی دەزگای جەمال نەبەز ژوورێکی گونجاو بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتن، و هەروها بۆ پێداچوونەوە و دیتنی بابەتەکان، دۆزراوەتەوە؛ وێنەکانی ئەم شوێنە لە خوارەوەدا دەبینن. وێنەی لای چەپ: نامیلکە و ڕۆژژمێرەکانی نەبەز؛ وێنەی خوارەوە: دەفتەری بیرەوەرییەکانی؛ وێنەی سەرەوە و لای ڕاست: دیمەنێک لە شوێن و ژووری ئەرشیف.

سەبارەت بە لیستەی بابەتەکانی ناو ئەرشیف

تا ئێستا تەنیا لیستەیەکی سەرەتایی و ناتەواو لە بابەتەکانی ئەرشیف پێک هێنراوە. دەفتەری بیرەوەرییەکان، نامیلکەکان و نامیلکەکەی ژمارە تەلەفۆنەکان بەپێی ڕیزبەندی ساڵ پۆلێن و ڕیز کراون و لە کۆمەڵە بۆکسێکدا ڕادەگیرێن و بۆکسەکان ژمارەی تایبەتیان لێ دراوە. هەروەها تا ئێستا تەنیا دەفتەری بیرەوەرییەکان سکەن کراون، کە وەک چەشنێک تاقیکردنەوە بوو تا بێتە دەستمان کە پرۆسەی سکەنکردنی بابەتەکانی ئەرشیف بە چ شێوازێک ئەنجام بگیرێت. هەروەها ئەم ئەرشیفە ژمارەیەکی زۆر فۆڵدێر و لاپەڕەی تۆمارکراو لە خۆ دەگرێت کە نەبەز بۆ هەڵگرتنی کۆمەڵە بابەتێکی جۆراوجۆر لەسەر ئەو مژارانەی هۆگری و حەزی بۆی هەبوون کەڵکی لێ وەرگرتوون. لەم فۆڵدێرانەدا گەلێک یادداشت و دەق کە بە دەست نووسراون، لەوانە گەلێک دەسنووس و کۆمەڵە نامەیەک، بە چەند زمانی جیاواز دەبیندرێن. لە کۆتاییدا، گەلێک ڕوونووس و نوسخەی ئەو وتارانەی نەبەز خۆی نووسیونی لە ئەرشیفدا هەن.

سەبارەت بە بارودۆخی کتێبخانەکە

کتێبخانەکە پێک هاتووە لە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە (بڵاڤۆکی وەک مانگنامە و وەرزنامە) و کتێب (مۆنۆگراف) کە بەپێی زمان پۆلێن کراون. هەروەها ژمارەیەک فەرهەنگ و قامووس لە کتێبخانەکەدا دەبیندرێن. لە ماوەی داهاتوودا، دەکرێ لیستە و پێڕستێکی چڕوپڕ و بەوردەکاری لە یەکێک لە بوارەکاندا، بۆ نموونە بەشی پەیوەست بە گۆڤار و بڵاڤۆکە خولییەکان ئامادە بکرێت. هەموو گۆڤارەکانی ناو کتێبخانە، واتە هەموو ئەو بەرگ و ژمارانەی لە هەر ساڵدا داویانەتە دەرەوە، لە فایلێکی ئێکسێل (Excel)دا تۆمار کراون، کە ئەم فایلە وێنەی ڕووبەرگی ئەو گۆڤارانە بە کوالێتیی وێب لە خۆ دەگرێت.

وەشانی یەکەم، واتە خشتەی ئێکسێلی گۆڤارەکان، تەواو بوو

بەم شێوەیە، ئێستا یەکەم وەشانی ڕێکوپێک و شیاوی پێشکەشکردن بۆ تۆڕی داهاتووی بنکەکانی زانیاری ئامادەیە، کە لە ڕێگەیەوە دەمانهەوێ فایلی ڕێنوێنیی کتێبخانەکەمان و هەروەها ئەرشیفخانە تۆمار بکەین و بیخەینە بەردەستی بەکارهێنەرانی داهاتووی کتێبخانەی جەمال نەبەز.

بابەتی تایبەتی ناو ڕەفەکانی کتێب؛ ئەو کتێبانەی جەمال نەبەز نووسیونی

هەموو کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەمان لە ڕەفەکاندا چندراون، کە هەرکام لە ڕەفەکان، جگە لە یەکێکیان، وەشانێک لە هەرکام لە بەرهەمەکانی جەمال نەبەز لە خۆ دەگرن. بۆ هەشتایەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی نەبەز، لیستەیەک لە بەرهەمەکانی کە لە فایلێکی وۆرد (Word)دا کۆ کراونەتەوە، وەک دیاری پێشکەش بە نەبەز کرا. هەروەها، ناونیشانی هەموو ئەو بەرهەمانە لە ڕەفەکانی کتێبدا کۆ کراونەوە، کە هەر ئێستا دەتوانن بە کرتەکردن لەسەر لینکی ماڵپەڕەکەی  بیانبینن


کاری ئامادەکردنی ئەو لیستەیەی بە لیستەی سەرەکی ناو نراوە، کە لە فایلێکی وۆرددا کۆ کراوەتەوە، بە هەوڵ و ماندووبوونی گرووپێک لە کەسانی خۆبەش کە لە ڕێی دوورەوە و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە جوامێری و دڵاوایی هاوکارییان کردین، ئێستاکە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو پێش بردراوە. ئەو لیستەیە تەواو کراوە و هێنراوەتە سەر فۆرماتی لاپەڕەی فایلی ئێکسێل، بە شێوەیەک کە بۆ کار و پرۆسەکانی داهاتوو گونجاو بێت. بۆ ئەم مەبەستە، دوو فایلی ئێکسێلیان لە زانیارییەکان بەرهەم هێناوە، کە یەکیان بەتەواوی بە ئەلفوبێی لاتین و بە زاری کورمانجی، و ئەوەی تریان بە ئەلفوبێی ئارامی و بە زاری سۆرانییە. بەم شێوەیە، ئەم دوو لیستەیەی ناو ئێکسێل، کە زانیاری و ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر هەموو بەرهەمەکانی نەبەز و هاوکات وێنەکانی ڕووبەرگی پەیوەست بە هەرکام لە بەرهەمەکانی تێدا کۆ کراوەتەوە، ئێستا دەکرێ بەساکاری بۆ دۆزینەوەی فۆرمێکی باوی ئینتەرنێتیی گونجاو بەکار بهێندرێت تا یارمەتیی هەموو کورد لە سەرانسەری جیهان بدات کە بەرهەمەکانی جەمال نەبەز بناسن


هێشتا گەلێک کار ماوە کە پێویستە ئەنجام بگیرێت، کە بە هاوکاری و یارمەتیی دارایی ئێوە بە باشترین شێوە ئەنجام دەگیرێن
دەزگای جەمال نەبەز، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامەکانی، چەند ئەگەر و ڕێگەی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک فەرمانبەر و کارمەندی لێهاتوو بە مووچە و هەقدەستێکی گونجاو لەبەردەمە، کە ئەمە لە ڕێگەی گرێبەستەکانی تایبەت بە کار و دامەزران ئەنجام دەگیرێت. جگە لەمە، گەر بکرێ ئەو فێرخوازانەی لە سەروبەندی دەرچوون لە خوێندنی زانکۆیاندان لە پرۆسەی ڕاهێنانیاندا وەرگرین، کە ئەم ئەگەرە بۆ ئەم دەزگایە مەیسەرە، دەکرێ گەلێک بەشی تایبەت و دیاریکراو لە پرۆژە و کارە هەڵپەسێراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشەوە بەرین. توانایی و ئیمکانەکانی ئێمە بۆ ئەم مەبەستە زۆر سنووردارە، هەر لەبەر ئەمەیە هیوامان لەسەر یارمەتیی دارایی ئێوە هەڵچنیوە، کە بتوانین بە شێوەیەکی گەڵاڵەکراو و پلان بۆ داڕێژراو بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆژە درێژخایەنەکەمان کەڵکی لێ وەرگرین. هەروەها، هیوادارین کەسانی خۆبەخشی لێهاتوو و شیاو بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیدەرمان بن


تکایە لە ڕێگە[فۆرمی پەیوەندی]گرتنەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن، ئێمە خۆمان پەیوەندی بە تاک بە تاکتان دەکەینەوە و بانگهێشتتان دەکەین لە ڤیدیۆ-کۆنفرانسێکدا بەشداری بکەن.

  • archiv_für_langzeitprojekt